یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی بۆردی جێبه‌جێكردنی بڕیاری 1325 له‌ هه‌رێمی كوردستان و پلانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئافره‌ت، ئاشتی، ئاسایش له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو

بە ئامادەبوونی  ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی بۆردی 1325 لە هەرێمی كوردستان، د. خانزاد ئەحمەد ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان، دینا زۆربا نوێنەری UN-Women لە عێراق و یەمەن، ئێوارەی یەكشەممە 19/6/2022 بەبۆنەی رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی سێكسی لەكاتی ململانێكاندا، كۆبوونەوەی بۆردی 1325 ی هەرێمی كوردستانی عێراق بۆ جێبەجێكردن، پلانی ئافرەت، ئاشتی، ئاسایش بەڕێوەچوو.
سەرەتا د.خانزاد ئەحمەد ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای خانمان گرنگی پلانه‌كه‌ی خسته‌ڕوو، بۆ ئه‌وه‌ی ئاوڕێكی جددی له‌ كچان و ژنانی رزگاربوو بدرێته‌وه‌و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هاوكاربن و حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ به‌رپرسیاریه‌تی خۆی جێبه‌جێ بكات بۆ سه‌رخستنی ئه‌م پلانه‌‌.
دواتر بەرێز ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی بۆردی 1325 لە هەرێمی كوردستان، باسی لە گرنگی جێبەجێكردنی قۆناغی دووەمی بڕیاری 1325 لە هەرێمی كوردستان و هەوڵ و كۆششەكانی حكومەتی هەرێم بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە كرد له‌ به‌رژه‌وه‌ندی رزگاربوواندا. هه‌روه‌ها سوپاسی ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدانی كرد، كە لە ماوەیەكی گونجاودا توانیان ئەكشن پلانی خۆیان بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری 1325 ئافرەت ئاشتی ئاسایش، رابگەیەنن و بەهاوكاری رێكخراوەكان و وەزارەتە پەیوندیدارەكان جێبەجێ بكرێت.
لە تەوەرێكی تری وتەكانیدا وەزیری ناوخۆ گووتی: داوامان لە وڵاتان و کونسوڵخانەکان و حکومەتی فیدراڵ کردووە هاوکاربن لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال، جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئیتر بەسە لە چوارچێوەی هۆڵی کۆنفرانس و پڕۆژەکان دەربچین و بچینە بواری کرداری و جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی عێراق و لایەنەکانی دیکە بەو خەڵکەیان دابوو بەسەربەرزی بگەڕێنەوە زێدی باب و باپیرانیان بە تایبەتی لە شنگال کە زیاتر لە هه‌شت ساڵە لە کەمپەکان دەژین.